٧ کەس لە دەستبەسەرکراوان لە کوردستان چارەنووسیان نادیاره

21:36 - 9 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ٢ هاووڵاتیی کورد بە شیمانەی ئەوەیکە \"چالاکیی تەبلیغییان دژی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان\" بەڕێوە بردبێت، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ‌وە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، ٢ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

شوناسی یەکێک لەو هاووڵاتییە کوردانە بە \"سامان ڕوونەما\" خەڵکی گوندی \"پۆلێ\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها وێڕای ئەو لاوە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، ٥ هاووڵاتی دیکه بە ناوەکانی ڕەزا عێزەت‌تاج، وەلی شەریفی، سابیر ڕەسووڵ‌پوور، محەممەد ڕۆیان و فاروق شەفاهی، دەسبتەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

یەکێک لە خزمەکانی ئەو ٧ کەسە دەستبەسەر کراوە گوتوویەتی کە؛ \"تاوانی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ نەدەن چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە\".

ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنەکانی دوو مەجلیسی خۆبرەگان و ئیسلامیی ئێران، بەڕێوەچوو کە زۆربەی حیزبە کوردییەکان داویان لە خەڵک کرد لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"جەعفەر عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی \"عەلی\"، دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوە کە جەعفەر خەڵکی گوندی \"حەڵبێ\" سەر بە شاری نەغەدەیە.

سەرەتای ئەم حەوتوویەش \"شەهاب ئەحمەدی‌ئازەر\" کوڕی ئەحمەد، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی لە نەغەدە، دەستبەرسەر کراوە و پێش ئەو هاووڵاتییە کوردەش ئەفسانە بایەزیدی کچی ئەبووبەکر بۆ سێهەمین جار لە لایەن ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ساڵی (٢٠١٥)ی زایینی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئێران بە \"دانانی بەربەستی توند لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین، یان کۆبوونەوەکان\" بەردەوامە.

ساڵی ڕابردوو، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە حوکمی زیندانی ٦٣ کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە.