٤٠ کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی گەڕەکی "دەرەدریژ"ی کرماشان هەتا ئێستا ئازاد نەکراون

12:08 - 8 گەلاوێژ 2721

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی دانیشتووی گەڕەکی پەراوێزخراوی "دەرەدریژ"ی شاری کرماشان، بەنیسبەت پچڕانی کارەبا و نەبوونی ئاو و هەروەها پشتیوانی لە هاووڵاتییانی خووزستان، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە: "هێزە ئەمنییەتییەکان سەرجەم ٧٠ کەس لە دانیشتووانی گەڕەکی دەرەدریژیان دەسبەسەر کردووە، کە هەنووکە ٣٠ کەسیان ئازاد کراون و ٤٠ کەسیان هێشتا لە گرتووخانە دان".

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەکانیان ڕاگەیاندووە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، دەتوانن سەردانی ناوەندە پەیوەندییدارەکان بکەن".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هەر هاووڵاتییەک، جیا لە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بە شکاندنی شووشەی ماڵ و ماشینەکانیان کردووە.

سەرچاوەی کوردپا لەو پەیوەندییەدا، دەڵێت: "بنەماڵەکان لە دانی ناوی گیراوەکان دەترسێن و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دیکە لە ترسی دەسبەسەری خۆیان حەشار داوە".

ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ، ئاژانسی کوردپا ناوی چوار کەسی لە دەسبەسەرکراوەکانی گەڕەکی "دەرەدریژ"ی بە ناوەکانی "عێرفان نادری، پوویا نادری، پەرهام نادری و ئەفشین حەموودی"، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرابوون، بڵاو کردبووە.