کێشەی پچڕانی بەرق لە کوردستان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ چارەسەرکردنی

12:08 - 4 جۆزەردان 2721

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە کوردستان و ئێڕان، بەهۆی پچڕانی بەردەوامی بەرق بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کێشە و گرفتی زۆری بۆهاووڵاتییان، کاسبکاران، لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران دروست کردووە.

جیا لە خەسارگەیاندنی بە کاسبکاران و هاووڵاتییان لە بوارە جیاجیاکان، تەنانەت پچڕانی بەرق شوێنی نەگەتیڤی لەسەر پۆلیسی هاتوچۆی نێو شار داناوە و لەو پەیوەندییەدا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بەهۆی پچڕانی بەرق، لە ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر چرا لایتەکان بوونەتە قوربانی.

فەزڵوڵڵا شیری، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرماشان لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: "پچڕانی بەرق بەرزبوونەوەی ڕووداوی هاتوچۆی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەهۆی پچڕانی بەرق و نەبوونی رووناکایی، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لێ‌ کەوتووەتەوە".

فەزڵوڵڵا شیری لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "لە ئەگەری درێژەی پچڕانی بەرق، ئیمکانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بوونی نییە و خەڵک لەگەڵ کێشەیەکی زۆر بەرەوڕوو دەبنەوە".

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمانی مەجلیسی حكوومەتی ئێران ڕایگەیاند: "پچڕانی بەرق کێشەی لە ڕەوتی واکسیناسیۆن پێک هێناوە، چوونکە ناوەندە تەندروستییەکان کەرەستەی فێنککەرەوەیان نییە و ڕاگرتنی واکسێن کە پێویستیی بە چاوەدێریی تایبەت هەیە، لەگەڵ کێشەی لەنێوچوون بەرەوڕوو دەبێتەوە".