کۆڵبەرێکی کورد لە شنۆ کوژرا/ ئاماری قوربانییانی ئەمساڵ گەیشتە ٩ کەس

21:44 - 31 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بە کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە شنۆ، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە سنوورەکان، گەیشتە ٩ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی راوەدوونانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"قادر شەبڕۆ\" بەهۆی بەربوونەوە گیانی لە دەست دا.

دەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە بە مەبەستی دابینکردنی بژیویی ژیان رووی لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری کردووە.

کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا بڵاوی کردەوە: قادر شەبڕۆ خەڵکی ناوچەی نەڵۆسی شنۆیە.

یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی پەرەسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی هەلی کار، کەمتەرخەمیی حکوومەت لەمەڕ سەرمایەدانان لە کوردستان و پێناسەی نادروست لە ئابووریی سەر سنوورە کە کەسانی بێکار لە رووی ناچارییەوە روو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری لە سنوورەکاندا دەکەن.

هێزە نیزامییەکان بە تایبەت هێزە ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی \"پێشگرتن لە شتومەکی قاچاخ\'\' بەبێ دانی هۆشداری و رەچاوکردنی مەرجەکانی تەقەکردن، کۆڵبەرانی سەر سنوور دەکەنە ئامانج.