کۆڵبەرێکی کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکان بوو بە قوربانی

16:19 - 24 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە یەکیک لەناوچەکانی ورمێ بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \" موهاجر\" خەڵکی ئاوایی \" کوڵە بهی\" ی سەر بە ناوچەی مڕگەوەری ورمێ لەئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامئ ئێرانەوە بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە دەورووبەری ئاوایی \" کوڵە بهی\" دراوەتە بەر دەستڕێژیی گوللە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، موهاجر بە توندی بریندار بووە و رەوانەی یەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کراوە.

یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی هەلی کار، نەبوونی سەرمایە و سەرمایەگوزاری لە کوردستان و کەڵک وەرگرتنی خراب لە ئابووریی کوردستان و ناوچەسنوورییەکانە.

هێزە نیزامییەکان بەتایبەت ئینتزامی بە بیانووی \" خەبات بە دژی کاڵای قاچاخ\" بێ ئەوەی کە ئاگاداری بە کۆڵبەران بدەن و بە بێ لەبەرچاوگرتنی شێوازی تیرهاوێژی تەقە لەکۆڵبەرانی سەر سنوور دەکەن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٦٤ کۆڵبەری کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی.