کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە ئاودا خنکا

13:47 - 2 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەلکی ناوچەی سەردەشت، کە بە مەبەستی دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی رووی لە کۆڵبەریی سەر سنوور کردبوو، لە ئاوی (چۆمان)ی بانەدا خنکا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد رەسووڵ نژاد، ناسراو بە رەحیمی حەمەی مام رەسووڵی نستان، لە ناوچەیت رەبەت، کە لەسەر سنووری چۆمان سەرقالی کۆلبەری بوو، لە کاتی پەڕێنەوە لە چۆمی \"چۆمانی بانە\"دا ئاو بردوویەتی و گیانی لەدەست داوە.

ئەحمەد رەسووڵ‌نژاد خێزاندار و باوکی سێ مندالیش بووە، کە رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو، رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان لە ئاوی چۆمانی بانەدا خنکاوە.

\"24885.jpg\"
هەواڵنێری کووردپا لە ناوچەی رەبەت رایگەیاند، سەرەڕای گەڕانی زۆری هاووڵاتییان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد رەسووڵی، پاش تێەڕینی زیاتر لە سێ رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا، هەتا ئێستا تەرمی ناوبراو نەدۆزراوەتەوە.

رێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری رابردوو، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی (لالانی ئیمامی) سەربە شاری باینگان بەناوی یاسر میرانی تەمەن ٢٠ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەریدا و لە ئەنجامی کەوتنە نێو چۆمی زمکان، لە ئاودا خنکا.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش، لاوێکی پیرانشاری بەناوی نەجمەدین سەعیدی و خەڵکی گوندی \"گردەسوور\"ی سەربەو شارە، لە ئەنجامی راوەدوونانی کۆلبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لە ئاوی زێوکە و ماشکان‌دا خنکابوو.

کۆڵبەرانی لە سنوورەکان، لە کاتی کۆڵبەریدا و بەهۆی ترس لە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە شوێنە ئەستەم و مەترسیدارەکانی وەکو کێڵگە مینەکاندا تێپەڕ دەبن، کە بەو هۆیەوە ساڵانە دیان کۆڵبەر دەبنە قوربانی.