کۆڵبەرێکی خەڵکی ورمێ بەتەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا

16:41 - 28 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لەناوچەسنوورییەکانی مڕگەوەری سەبەر ورمێ بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیران گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ کۆڵبەرێک بەناوی \"باباخان ئەحمەدوەش\" تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی ئاوایی \"کەچەڵە\"ی سەر بە ورمێ بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لەناوچە سنوورییەکانی مڕگەوەر گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و بەمەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانی رووی لەناوچەسنوورییەکانی ئێران ــ تورکیە کردبوو.

\"28427.jpg\"
باباخان ئەحمەدوەش بەهۆی تەقەی راستەوخۆ لەناوچە سنوورییەکانی مڕگەوەر گیانی لەدەست دا
سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە رەوانەی پزیشکی دادوەریی ورمێ کراوە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی ئەمجەد رەمەزانپوور لەناوچەی سنووری سەیرانبەندی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرابوو.

ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتیانی کوردی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و تەندروست روویان لەکاری کۆڵبەریی سەر سنوور کردووە و زۆر جار بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

هەتا ئێستا هیچ کام لەبکووژانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە و لەهیندێ حاڵەتیشدا بە چاوی تاوانبارەوە سەیری کۆڵبەران دەکرێت.