کۆڵبەرێکی بانەیی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە ئازار و ئەشکەنجە کرا

09:56 - 30 رەزبەر 2720

شەوی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بڕوێشکانیی شاری بانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "یاسین فیکری" تەمەن ٢٢ ساڵیان ئازار و ئەشکەنجە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کۆڵبەرە لاوە لە سنووری بڕوێشکانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە ئازار و ئەشکەنجە کراوە. یاسین هیچ شتومەکێکی قاچاخی پێ نەبووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "فەرماندەی هەنگی سنووریی بڕوێشکانی لەگەڵ دوو سەربازی دیکە، کاتژمێر ٩ی شەو هەتا ٥ی بەیانی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان ئازار و ئەشکەنجە کردووە".

زیادیشی کرد: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت سێ گۆچان و دوو داریان بەو کۆڵبەرە لاوەدا شکاندووەتەوە و هەموو جەستەی شین و سوور بووەتەوە. جیا لە لێدان و بریندارکردنی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٢٢ ساڵەیە، فەرماندەی پایگای بڕوێشکانی فیلمی لێدان لەو کۆڵبەرە کوردەی هەڵگرتووە".