کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ داوای یەکگرتنی سەرانسەری دژی حکوومەتی ئێرانی کرد

14:33 - 16 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پێداگری لە سەر یەکگرتنی میللی بۆ ڕووخانی حکوومەتی ئێران دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕۆشنبیرانی نەتەوەی فارس دەکات دژکردوەیەکی شیاو و بە جێ بۆ بەردوام بوونی یەکگرتوویی میللی هەتا ڕووخانی حکوومەتی ئێران لە خۆیان نیشان بدەن.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیداڕاڵ بۆ بەردەوام بوونی یەکگرتووی هەتا ڕووخانی حکوومەتی ئاخوندی.


هاووڵاتییانی بەڕێز، هەر وەکوو لە بەیاننامەی پێشوودا باس کرابوو، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، پشتیوانی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی سەرانسەری دەکات کە لە ئاکامی ٤٠ ساڵ، خراپ بەڕێوەبەری، دزی، تاڵان و زۆڵم، کە بەرهەمی نیزامی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیهییە، بە تەواوەتی.

هەروەک شارەزایان ئاگاداریان داوە، ڕێژیمی ئازادیکوژ و دژی بەرانبەریخوازی ویلایەتی فەقیهی لە ڕێگەی دەست وپەیوەندیەکانیەوە، لە هەوڵی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوە هاوسنوورەکان، وەک تورک، کورد، لوڕ و عەرەب... لە ئێران دایە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات کە دەست و پەیوەندییەکانی ڕێژیمی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناسن، و کردەوە و دروشمە نەژادپەرەستانە و دووبەرەکی نانەوەی ئەوان مەخەنە ئەستۆی نەتەوەی فارس و نەتەوەکانی کورد، تورک، لوڕ و عەرەب.

چاوەڕوانیمان لە ڕۆشنبیرانی نەتەوەی فارس ئەوەیە کە لەو پەیوەندییەدا ئاگادار بن و دژکردەوەی شیاو و بە جێ، بۆ بەردەوام بوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی هەتا ڕووخانی ڕێژیم لە خۆیان نیشان بدەن.

بە هیوای جێگیرکردنی دێموکراسی و ڕووخانی هەرچی زووتری کۆماری ئیسلامیی لە ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ