کۆنسێرت و کۆڕێکی مۆسیقای کوردی لە وڵاتانی کانادا و رووسیە بەڕێوە دەچن

16:16 - 17 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کۆنسێرتێکی مۆسیقایی لە وڵاتی رووسیە و کۆڕێکی مۆسیقایی لە وڵاتی کانادا بەڕێوە دەچن.

رێکەوتی ٥ی رەشەممە \"سەعید فەرەج‌پووری\" ژەنیاری ناسراوی ئامێری \"کەمانچە\" بە هاوکاریی گروپێکی ژەنیاری ئامێری مۆسیقاییەکان لە زانستگەی \"UBC\" شاری ڤانکۆڤێری کانادا کۆڕێکی مۆسیقایی بەڕیوە دەبات.

ئەو ژەنیارە کوردە لە چەندین بڕگەی ئەو کۆڕە مۆسیقاییەدا بە ژەنینی ئامێری \"کەمانچە\" و \"زەرب\" لە ٢ بەشی کوردی و فارسیدا بەشداری دەکات.

\"10994.jpg\"
گروپی مۆسیقای کوردیی \"حەنانە\"
لە بەشەکانی دیکەی ئەو کۆڕە مۆسیقاییەدا هەر کام لە \"پەرویز نەزاکەتی\" و جەماڵ سەڵەواتی\" چەندین پارچە گۆرانی پێشکەش دەکەن کە هاوکات لەلایەن \"عەلی سەجادی\" بە ژەنینی ئامێری \"عوود\" و \"ساینا خالیدی\" بە ژەنینی ئامێری \"سەنتوور\" هاوکاری دەکرێن.

هەروەها لە ماوەی رۆژانی ١٨ هەتا ٢٤ی رێبەندان گروپی مۆسیقای کوردیی \"حەنانە\" بە سەرپەرشتیی \"کامران هێمەت‌پوور\" لە وڵاتی رووسیە کۆنسێرتێکی مۆسیقای بە زاراوەی سۆرانی و کەلهوڕی بەڕێوە دەچێت.

ئەو کۆنسێرتە مۆسیقاییە بۆ ماوەی یەک حەفتە بە هاوکاریی کۆمەڵێک ژەنیاری کورد لە شارەکانی \"مۆسکۆ\" و \"تاتارستان\"ی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە گروپی مۆسیقای \"چریکە\" لە رۆژانی ٢٣ هەتا ٢٥ی مانگی رێبەندانی ئەمساڵدا کۆنسێرتێک گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە ئەنجومەنی فەرهەنگی هونەریی شاری سنە بەڕێوە دەبات.