کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف: حکوومەتی ئێران ڕێز لە بکەرانی گوتاری توندتێژی و بڵاوکردنەوەی ڕەق و قین دەگرێت

12:09 - 30 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٣هەمین دانیشتنی ئەو ڕێکخراوەیە، لە مەڕ بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕەق و قین، دژی نەتەوەکان و ئایینەکان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

تەیموور ئەلیاسی لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "بڵاوبوونەوەی گوتاری توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕەق و قین، دژی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە ئێران، بۆ هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەگەڕێتەوە".

ئەو چالاکە مافی مرۆڤە لە وتەکانیدا، ڕایگەیاند: "ئایەتوڵڵا خومەینی لە ١٩ی ئاگوستی ساڵی ١٩٧٩ لە بەیاننامەیەکی دژی مرۆیی، فتوای جیهادی دژی نەتەوەی کورد دەرکرد و نەتەوەی کوردی وەکوو دژبەرانی شۆڕش و دژە ئیسلام لە قەڵەمدا و لەو ڕێکەوتەوە کوردەکان قوربانیی گوتار و سیاسەتی توندوتیژیی حکوومەت و میدیاکانی ئێرانن و لە بەشدارئئ سیاسی لە ئێراندا، بێبەری کراون".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "هەر ڕەخنەیەک لە ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وەکوو بێڕێزی بە نیزام ناوزەد دەکرێت و بەپێی یاسای ناڕوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەسانی ڕەخنەگر لەگەڵ سزای سێدارە بەرەوڕوو دەبنەوە".

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو: "بەپێی مادەی ٢٠ کۆنڤانسیۆنی مافەکانی سیاسی و مەدەنیی نەتەوەیەکگرتووەکان وتاری توندوتیژ، نفرەتهێنەر و هەڵاواردنهێنەر  قەدەغە دەکات، یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک تەنیا پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی وتاری توند تیژ و نفرەتهێنەر ناکات، بەڵکوو تاوانبارانی توند تیژی و جینایەت خەڵات دەکات."

تەیموور ئەلیاسی ڕایگەیاندووە: "لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، تاوانبارانی بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕق وقین، دژی نەتەوەکان و کەمایەتییە ئاینییەکان، ڕێزی لێگیرراوە و لەو پەیوەندییەدا، دەبێت لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت".

ئەو چالاکە مافی مرۆییە لە کۆتایی قسەکانیدا، پێداگری لە سەر ئەوە کردووە کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێپۆرتێری تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە دەکات کە لە بواری ئازادیی ئایینیی و دینەکان ڕاپۆرتێکی بەربڵاو لە  گوتاری توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕق و قین، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئامادە بکات.