کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی یارسان کە بۆ پشتیوانی لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان دەستیان دابووە مانگرتن، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا

11:01 - 16 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ، کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنیی یارسان کە بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی یارسان، مانیان لە خواردن گرتبوو، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.

ئەو چالاکانەی مەدەنیی یارسانە ڕایانگەیاندووە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە بارمتەی پێویست لەلایەن دادستانیی سەحنە قەبووڵ کراوە، کاروباری یاسایی ئەنجام دراوە و لەوانەیە کە ئەمڕۆ چوارشەممە خەیروڵڵا حەق‌جوویان بگەڕێتەوە نێو بنەماڵە و هاوڕێیانی، وێڕای سپاس و پێزانین لەو کەسانە کە دۆست و هاوڕێی ئێمە و بنەماڵەی بەڕێزی حەق‌جوویان بوونە، کۆتایی بە مانگرتنەکەمان دێنین و هەروەها لەو دۆستانە کە پەیوەست بوونە بەم حەرەکەتە داواکارین کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن".

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، داریووش حەیدەری، شارۆخ سائێمیان، پەیام ڕەزایی و نۆشاد تاهیری لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ پشتیوانیکردن لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، مانیان لە خواردن گرتبوو.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

ناوبراو لەلایەن دادستانیی شاری سەحنەی کرماشان بانگهێشت کرا پاش کۆتایی لێپرسینەوە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و پیرۆزییەکانی حکوومەتی ئێران" و قەبووڵنەکردنی خەیروڵڵا حەق‌جوویان لەمەڕ بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادیی کاتی و هەروەها ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

ئەو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەسبەسەرکرانی دەستی داوەتە مانگرتن و هەتا ئێستا لە مانگرتندایە.