کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنیی یارسان بۆ پشتیوانی لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەستیان داوەتە مانگرتن

13:04 - 13 پووشپەڕ 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، داریووش حەیدەری، شارۆخ سائێمیان، پەیام ڕەزایی و نۆشاد تاهیری لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ پشتیوانیکردن لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییانەی یارسان ڕایانگەیاندووە بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ خەیروڵڵا حەق‌جوویان، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، لەگەڵ ناوبراو مان لە خواردن دەگرن.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

ناوبراو لەلایەن دادستانیی شاری سەحنەی کرماشان بانگهێشت کرا پاش کۆتایی لێپرسینەوە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و پیرۆزییەکانی حکوومەتی ئێران" و قەبووڵنەکردنی خەیروڵڵا حەق‌جوویان لەمەڕ بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادیی کاتی و هەروەها ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

ئەو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەسبەسەرکرانی دەستی داوەتە مانگرتن و هەتا ئێستا لە مانگرتندایە.