کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هەر جۆرە توندوتیژی و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوانی بە توندی مەحکووم کرد

11:53 - 13 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕ، کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی هەورامان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەشداربووان لەو کۆبوونەوەیەدا بە هەڵگرتنی پلاکارد، کوژرانی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان مەحکووم کرد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

کوشتنی کۆڵبەڕان ڕابگرن

هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارە، لەم ڕۆژانەدا چەن لاوێکی کۆڵبەری ناوچەی مەریوان و هەورامان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ و بە گولـلەی هێزی ئینتزامی و چەکداری حکوومەت گیانیان بەخت کرد. هەرچەندە ئەم ڕووداوە یەکەم جار نییە و ئاخر جاریش نابێت. بەڵام کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران بەم ڕێژە زۆرە و لەم ئاستە بەرینەدا، گومان و پرسیاری زۆری لای ئێمە وەک کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان دروست کردووە. هەروەک هەمووان دەزانن کۆڵبەری کارێکی نایاسایی نییە بەڵکوو کوشت و بڕ و ڕەشەکوژییەی کۆڵبەران، کارێکی دژە یاسا و نائەخلاقی، نائینسانی و لە دژی یاسای مافی مرۆڤە و مایەی قەبووڵکردن نییە. تەنانەت ئەم هێرش و تەقەکردنە دژی ئەو یاسانەیە کە حکوومەت خۆی دایناوە. بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان بە توندی ئیدانەی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران دەکەین و هەر جۆرە ئازاردانێکی ئەوان بە تاوان دەزانین. کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان بۆ مەحکوومکردن و بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشە ناڕەوایانە بەرامبەر کۆڵبەران خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و کاردانەوە و گرتنەبەری ڕێکاری ناڕەزایی دەربڕین بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بە مافی خۆی دەزانێت.

ئێمە داوا لە بەرپرسانی سیاسی و ئیداریی ئەم ناوچەیە دەکەین، بێدەنگی بشکێنن و نەهێڵن هێزە چەکدارەکان ئەم دڕندەیی و هێرش کردنە سەر کۆمەڵێک لاوی بێکار و بێ داهات درێژە پێ بدەن و هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت.

جێگای خۆیەتی ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و هەموو چین و توێژەکان بەتایبەتی بگرین و ئەڵێین ئێوە نابێ لەهەمبەر ئەم هەموو ستەم و پێشێلکردنی ماف و ناعەدالەتی و کوشتن و بڕین و پلیشاندنەوەی مافی ئینسان و سەرکوتکردنەدا بێدەنگ بن. ئەگەر ئەمڕۆ بە ناحەق خوێنی کۆڵبەرێک دەڕژێت، سبەینێ بە بیانوویەکی دیکە هەمان چارەنووس بەرۆکی ئێوەش دەگرێت. بۆیە دەنگ‌هەڵبڕین و هەڵوێست‌گرتن و نیشاندانی ئیرادەیەکی ئینسانی و نەتەوەیی، پێویستییەکی مێژوویی و نیشانەی مرۆڤ‌بوونی ئێوەیە. پێچەوانەکەشی لەدەستدانی هەموو بەها و نرخەکانی مرۆڤایەتی و بەتاڵبوونەوەیە لە سروشتی ئەخلاقی مرۆڤانە. تاک بە تاکی ئێمە لە بەرامبەر ویژدان و مێژوو و نەوەکانی داهاتوومان بەرپرسیارین و ئەبێ بە هەر شێوازێک کە دەتوانین کاردانەوەمان هەبێت.

پەیامی کۆتاییمان بۆ خودی کۆڵبەران و ئەو کەسانەیە کە بە ئیشی کۆڵبەری سەرقاڵن. هەرچەندە ئێمە وەک کومەڵگای مەدەنی، کۆڵبەری بە شیاوی ئێوە نازانین و بە ئەرکی حکوومەتی ئەزانین کار و پیشەی گونجاوتان بۆ دابین بکات، بەڵام لە ئێستەدا بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو هێرشانە کە دەکرێتە سەرتان پێویستە یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بن و کاردانەوەتان هەبێ. ئێوە لە هەموو کەس زیاتر ئەبێ لە ئێش و ئازاری یەکتر تێبگەن و نابێ ئەم کوشتار و ڕەشەکوژییە وەک چارەنووسی خۆتان قبووڵ بکەن. ئێوە ئەگەر بە یەک دڵ و یەک ئیرادە یەک گرن دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان تێکۆشان بکەن و بەرپەرچی ستەم و سەرکوت و کوشتن بدنەوە.

کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان

۱٢ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی