کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی ئازادیی مەزهەبی: دۆخی ئێران خراپتر بووە!

15:33 - 14 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی ئازادیی مەزهەبی لە ئامریکا، دواڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەپێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئازادیی مەزهەبی لە وڵاتانی جیهاندا بڵاو کردەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیستەی یەکەمین وڵاتانی پێشێلکاری ئازادییە مەزهەبییەکان بڵاو کراوەتەوە و هاتووە؛ دۆخی ئازادیی مەزهەبی لە ئێران و لە یەک ساڵی ڕابردوودا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو خراپ و ئاڵۆزە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دەزگای دادوەری و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەمینەی بەهایی و ئەو کەسانەی کە دەبنە پێڕەوی ئایینی مەسیحی، بەچەشنێک کە ڕێژەی مەسیحییە دەستبەسەرکراوەکان تاکوو بانەمەڕی ساڵی ٩٥ گەیشتۆتە ٩٠ کەس.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە موسوڵمانە سوننی مەزهەبەکان کراوە کە بەردەوام سنوردار دەکرێنەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پڕوپاگەندای نەرێنی لەدژی جوولەکەکان و لێدانی ئەندامانی کۆمەڵەی جوولەکەکان بەبیانوی پێوەندی هەبوون لەگەڵ ئیسرائیل لە ١ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین پارێزەر بەهۆی داکۆکی کردن لە مافی بەهایی و مەسیحییەکان لە لایەن دادگای ئینقلابەوە حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها مۆحەممەد عەلی تاهێری دامەزرێنەری گروپی \"عرفان حلقە\" بە تۆمەتی \" مفسد فی الارض\" حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.