کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین دوژمنانی ئازادی ڕاگەیاندنە

16:17 - 13 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لیستەیەکی نوێی لەپێوەندی لەگەڵ پێشێلکەرانی ئازادی ڕاگەیاندن لە ئاستی جیهاندا بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور لەم لیستەیەدا کە بەبۆنەی ڕۆژی ٢ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانی \"خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە لێبوردنی جینایەت لەدژی ڕۆژنامەوانان\" بڵاوی کردۆتەوە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک یەکێک لە دوژمنانی ئازادی ڕاگەیاندن ناساندووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی گرتن، زیندانی کردن، ئەشکەنجەدان، سانسۆڕی ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیەنەکانن و بەکورتی پێش بە ڕەوتی ئازادی ڕادەربڕین دەگرن و بە \"دڕندەیی\"یەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، دەکەونە نێو ئەم لیستەوە کە زەقترینیان ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، عەرەبستانی سعودی، سوریە و تورکیەیە.

لەم لیستەدا ئاماژە بە ناوی ٣٥ سەۆکی دەوڵەت، ڕێبەری مەزهەبی و سیاسی و چەند گروپی توندڕەو کراوە.

عەلی خامنەیی یەکێکە لەو ٣٥ کەسە کە وەک ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور دەڵێن ناوبراو لەڕێگەی ناوەندەکانی ژێردەسەڵاتییەوە بەردەوام ڕۆژنامەوانان ئازار و ئەشکەنجە دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەماوەی دەسەڵاتدارەتی خامنەیی تاکوو ئێستا لانیکەم ٤٠٠ ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ڕاگەیاندن حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن.

ئەم ڕێکخراوە لە مانگی خەرمانانیشدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٦٩ی لەباری ئازادی ڕاگەیاندن وەدەست هێنابوو.

بەم پێیە ناوی ئێران هاوتەنیشت لەگەڵ وڵاتانی سوریە، عەرەبستان، تورکیە، عێراق، کۆرەی باکور، یەمەن، وێنزۆئێلا، ڕوسیە، مێکزیک، داعش، لیبی، ئەفغانستان، تاڵبان و چیندایە.