کۆشکی سپی بۆ سڕینەویە ناوی پەکەکە لە لیستەی رەش، راپرسی دەکات

22:19 - 21 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆشکی سپی لە ماڵپەڕی تایبەتیی خۆی، بۆ دەرهێنانی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان – تورکیا، لە لیستەی گروپە تیرۆریستییەکان، راپرسی دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای ئامادەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بەرنگاربوونەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ماڵپەڕی کۆشکی سپی بۆ سڕینەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان راپرسییەکی وەڕێخست.

بەپێی ئەم راپرسییە، ئەگەر ژمارەی دەنگدەران لە ١٠٠ هەزار کەس زیاتر بێت، پێدەچێت پەکەکە بە یەکجاری لە لیستەی ریکخراوە تیرۆرسیتییەکانی جیهان بهێندرێتەوە دەرەوە.

ئەمە بۆ دووەمین جارە، کە کۆشکی سپی لەسەر پرسەکانی پەیوندیدار بە کوردەوە، راپرسی رادەگەیەنێت.

لە لاپەڕەی راپرسییەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان – تورکیا، هاوشانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەمبەر دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا راوەستاوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی‌یەوە بە فەرمی پەکەکەی خستۆتە ریزی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهانەوە.

پێشتریش کۆشکی سپی راپرسییەکی لە ماڵپەڕەکەی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان وەڕێخستبوو.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئێستادا لە لیستەی رەشی ولاتانی تورکیا، یەکیەتیی ئوروپا و ئەمریکادایە.

پەکەکە ساڵی ١٩٨٤ی زایینی‌یەوە، بۆ دابین کردنی مافە سیاسی، نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانی نەتەوەی کورد لە وڵاتی تورکیا دەستی بە شەری چەکدارانە کردووە، بەڵام دواتر ئامانجی خۆی بۆ خودموختاریی ناوچەیی گۆڕی.