پیرانشار؛ سێ لاوی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٢ میلیاردی ئازاد کران؛ سەباح بێوارە، شەهرام و عێزەدین پەس‌و‌پیش

10:10 - 7 پووشپەڕ 2726

۷ی پووشپەڕی ۱۴۰۵؛ سێ لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "عێزەدین پەس‌و‌پیش"، "شەهرام پەس‌و‌پیش" و "سەباح بێوارە" دوای چەندین مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "عێزەدین پەس‌و‌پیش" خەڵکی پیرانشار دوای ٦٤ ڕۆژ، "شەهرام پەس‌وپیش" خەڵکی گوندی "چیانە" دوای ٤٧ ڕۆژ و "سەباح بێوارە"، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی گوندی "کەڵەکین"، دوای ٤٦ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم سێ لاوە کوردە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرابوونەوە و پاشان بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. تا ئێستاش هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنیان ڕوون نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "عێزەدین پەس‌و‌پێش" هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ گوازرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "شەهرام پەس‌و‌پیش" کوڕی لوقمان و خەڵکی گوندی "چیانە" لە دەوروبەری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە.

هەروەها ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "سەباح بێوارە"، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵانی کورد و خەڵکی گوندی "کەڵەکین" لە دەوروبەری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.