بەندیخانەی شیروان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی دانیال نیازی، لاوی ١٨ ساڵانی کورد، بە تۆمەتی "موحاربە" دوای ٥ مانگ
٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ "دانیال نیازی"، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی شیروان لە پارێزگای خۆراسان، کە ٥ مانگ و ١٧ ڕۆژە بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و لە بەندیخانەی شیرواندا بەند کراوە، هێشتا بە چارەنووسێکی نادیارەوە، بەبێ بەڕێوەچوونی دادگا و لە کاتێکدا کە ڕێگە بە پارێزەرەکەی نادرێت بچێتە ناو دۆسییەکەوە، لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە و لەژێر گوشاری دەروونیدایە.
ناوبراو لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا، لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێدا، تۆمەتی "موحارەبە"ی دراوەتە پاڵ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ "دانیال نیازی" هێشتا بە نادیاریی چارەنووس لە بەندیخانەی شیرواندا بەند کراوە و هێشتا هیچ دادگایەکی بۆ بەڕێوە نەچووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا داواکاری گشتی و یەکێک لە دادوەرانی بۆجنوورد بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە بەندیخانە و چاویان پێی کەوتووە. هەروەها، سەرەڕای ئەوەی دادگا ڕایگەیاندبوو کە ئەو دەتوانێت پارێزەری دیاریکراو یان حوکمی (دیاریکراو لەلایەن دادگاوە) هەڵبژێرێت و بنەماڵەکەش پارێزەری دیاریکراویان ناساندووە، بەڵام تا ئێستا ڕێگە بە پارێزەرەکە نەدراوە بچێتە ناو دۆسییەکەوە، بیبینێت و کاری لەسەر بکات، و ڕایانگەیاندووە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، پارێزەر مافی چوونە ناو دۆسییەکەی نییە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم ڕەوتە نادادپەروەرانەیە، دۆسییەسازی و ڕاگەیاندنی تۆمەتی "موحارەبە" بە دانیال نیازی لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێدا و لەلایەکی دیکەوە، دەنگۆی بەردەوامی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە لە بەندیخانەدا، بەتایبەت دوای جێژنی ڕەمەزان، گوشارێکی دەروونیی توندی خستووەتە سەری.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، چەندین جار لە بەندیخانەدا بە دانیالیان وتووە کە حوکمەکەت سێدارەیە و دەبێ بچیتە سەر پەتی سێدارە؛ بابەتێک کە بەهۆی پێشینەی کێشەی دەماریی ئەو، بووەتە هۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی دەروونیی، بەجۆرێک کە ئێستا دەڵێت چیتر بۆی گرنگ نییە چ حوکمێکی بۆ دەربچێت.
پێشتر کوردپا لە ٣٨ەمین ڕۆژی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دانیال نیازیدا ڕاپۆرتی دابوو کە ناوبراو لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا، لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێدا، لەلایەن لقی دووهەمی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شیروانەوە، لەگەڵ تۆمەتی "موحاربە" و هەروەها تۆمەتگەلێکی وەک "بەشداریکردن لە دەستپێکردنی کوشتنی بەئەنقەست"، "بەشداریکردن لە لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەست"، "ئەندامەتی لە کۆبوونەوەی زیاتر لە سێ کەس دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات"، "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" و "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" ڕووبەڕوو کراوەتەوە و گیان و چارەنووسی بەتەواوی لە مەترسیدایە.
"دانیال نیازی" نیوەشەوی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ خستنەڕووی بڕیاری دادوەری و بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لە درێژەدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمی دەسبەسەرکردنیدا، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەییدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیرا کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو تۆمەتە قورسانەی کە ئاماژەیان پێکرا؛ ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
بەپێی پەڕەیەک لە دادنامەکەی کە کەوتووەتە دەستی کوردپا، بڕیاری دەرکردنی تۆمەتەکان دژی ئەو لە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەرچووە.
لە کاتێکدا کە دانیال نیازی لە کاتی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، دادگا بە پشتبەستن بە دۆسییەسازیی دامەزراوە ئەمنییەکان، بڕیاری دەرکردنی ئەم تۆمەتانەی داوە و ناڕەزایەتیی ئەم لاوە ١٨ ساڵەیەش ڕەت کراوەتەوە.
ئەو دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە و دۆسییەسازی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی شیروان گوازرایەوە و لە ئێستاشدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە و تەنیا دەرفەتی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دۆخی ئەو وتی: دانیال نیازی لەگەڵ تۆمەتی قورس و ئەگەری دەرچوونی حوکمی سێدارە ڕووبەڕووە و کەسی نییە کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی بکات، چونکە لە منداڵییەوە بێ سەرپەرست بووە و باوک و دایکی لە یەکتر جیا بوونەتەوە و تەنیا دایکی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەکات.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئێستا نە دادگا، نە داواکاری گشتی و نە هیچ دامەزراوەیەکی دیکە سەبارەت بە دۆخی دۆسییەکەی هیچ وڵامێک نادەنەوە.
دانیال نیازی، ١٨ ساڵان، لە کوردانی کرمانجی شاری شیروان لە پارێزگای خۆراسانە.