کۆتایی بە ئەمنیەتی کردنی ناوچەی شنۆ نەهاتووە

14:36 - 22 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران گەڵاڵەی ئەمنیەتی کردنی ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت شاری شنۆ لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوایان توندتر کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری شنۆ، هەنووکە هێزەکانی سوپای پاسداران بە هاوکاری هێزە ئینتزامی و کەسانی خۆجەیی سەر بە سوپا لە نێوان جادەی شنۆ ـ ورمێ بە شیوەی کاتی بنکە و بازگەی پشکنین دادەنێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەدۆخی شاری شنۆ بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، لەو بازگەیانەدا کە هێزە خۆجەییەکانی سەر بە بەسیج و سوپا بەرچاو دەکەون، ماشێنی هاووڵاتیان رادەگرن و سەرنشینەکانیشی دەپشکنن.

\"28162.jpg\"
هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە نێوان جادەی شنۆ ـ ورمێ بە شیوەی کاتی بنکە و بازگەی پشکنین دادەنێن
هەر لەو بارەیەوە چەندین هاووڵاتی ناوچەی شنۆ بە ئاژانسی کوردپاییان وتووە، هێزە خۆجەییەکانی سەر بە سوپای پاسداران بە بەردەوامی بە ماتۆڕ و ماشێنی نیزامی سەرقاڵی گەشت لێدان بە ناو ئاواییەکانی سەر بە شاری شنۆ دان.

یەکێک لەو هاووڵاتیانە لەقسەکانیدا تەنانەت ئاماژەی بەوەشدا کە ماوە بە ماوە هێلی کۆپتێریش لەناوچە سنوورییەکانی کێلەشین دەبیندرێ.

پێشتریش ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردبوویەوە کە پاش جموجۆلی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ناوچە سنوورییەکانی کێلەشین، سوپای پاسداران بە هێلی کۆپتێر هێزی رژاندووەتە ئەو ناوچانەوە.

ماوەیەک لەمەوبەریش هێزەکانی سوپای پاسداران بە هاوکاری هێزە خۆجەییەکان بە چەکی قورس و نیوە قورسەوە لەناوچە سنوورییەکان شارستانی شنۆ جێگیر ببوون و لەو پێوەندییەشدا فەرماندەی گشتی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران سەردانی بنکە نیزامییەکانی لەناوچەی کێلەشین کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانەی کە لە سنووری کێلەشین و شاری شنۆ جێگیر کراون لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە رەوانەی ئەو ناوچانە کراون و ژمارەیان ٣٥٠کەس دەبێت.

هەواڵی پێوەندیدار:
٣٥٠ پاسدار بە چەکی قورسەوە لەسنوورەکانی کوردستان مۆڵ دراون