کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەندامانی ئەنجومەنی "نۆژین"، بە نیسبەت سەپاندنی حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بە سەر زارا محەممەدی لە بەردەم دادگوستەریی سنە

10:35 - 3 رەشەمه 2720

ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی‌ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە نیسبەت بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیریی زارا محەممەدی، لە بەردەم دادگوستەریی سنە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی ئەنجومەنی "نۆژین"، بە هەڵگرتنی پلاکارد بە زمانی کوردی، بە نیسبەت سەپاندنی حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بە سەر زارا محەممەدی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. هەروەها خودی زارا محەممەدی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ ڕێبەندان ڕێکخراوی مافی مرۆیی فرانت لاین دیفێندێرز، حوکمی سەپاو بە سەر زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ـی مەحکووم کرد.

حوکمی دە ساڵ زیندانیی تەعزیریی زارا محەممەدی، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری"، بۆ پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا.

ئەو مامۆستای زمانی کوردییە، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.