کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٤٠٠ خانەنشین کراوی شیرازی

15:40 - 12 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ٤٠٠ کەس لە خانەنشین کراوەکانی کارخانەی داخراوی پیشەی پەیوەندییە دوورەکانی شیراز (ITI)، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵەکان، ٤٠٠ کەس لە خانەنشین کراوەکانی کارخانەی داخراوی پیشەی پەیوەندییە دوورەکانی شیراز (ITI)، کە لە ڕۆژی سێ‌شەممە ٤ی جۆزەردان/٢٤ی مەی، لە گۆڕەپانی ئەو کارخانەیە خێوەتیان هەڵدابوو، دوێنێ دووشەممە ١٢ی جۆزەردان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

پیشەی پەیوەندییە دوورەکانی شیراز (ITI)، پاش کۆمەڵێک قەیرانی دارایی وەکوو قەرزدار بوون بە بڕی ٢٠٠ میلیارد تمەن، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کرێکاری خۆی خانەنشین کرد و هەتا ئێستا نە مووچە و نە دیکەی سەربارەکانی بۆ دابین نەکردوون.

هەواڵدەریی ئیلنا لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە دارایی و کەرەستەکانی ئەو کارخانەیە، لە لایەن \"بانکی میللی\"یەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بڕیار وایە بە مەبەستی هەڵگرتنەوەی قەرزی ئەو بانکە بفرۆشرین.

ئەم کارخانەیە بڕی ٣٠ میلیارد تمەن بە کرێکارەکانی خۆی قەرزدارە. هەربۆیەش کرێکارەکان بەو کردەوەیەی بانکی میللی ناڕەزایاتییان دەربڕیوە. ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارەکان پێشی بە بەڕێوەچوونی ئەو بڕیارە گرتووە و بڕیار وایە سەرلەنوی نرخ لەسەر کەلوپەلی ئەو کارخانەیە دابنرێتەوە و پشکی کرێکارەکانیش لە فرۆشتنیان بدرێت.

شایانی باسە کە پیشەی پەیوەندییە دوورەکانی شیراز (ITI)، تا کاتی داخرانی، گەورەترین کارخانەی بواری پەیوەندییە دوورەکانی ئێران بوو و ٧٠%ی کاروباری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئێرانی لە ئەستۆ بووە.