کۆبوونەوە و مانگرتنی ژمارەیەک لە کرێکارانی "سی ئێن جیـ"ـی شاری ورمێ لە بەردەم بینای شارەداری

12:19 - 6 گەلاوێژ 2721

 ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کرێکارانی شوێنگەی "سی ئین جیـ"ـی شارەداریی شاری ورمێ، بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٥ مانگەیان، لەبەردەم بینای ئەو ناوەندە حکوومەتییە کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

یەکێک لە کرێکارانی ئەو شوێنگەیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "ماوەی ٥ مانگە پارەمان وەرنگرتووە و کرێکارانی سی ئین جی، لە مافی یاسایی کار بێبەرین".

ئەو کرێکارە هەروەها ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ١٢ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا، مانگانە تەنیا ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن پارەمان پێ دەدەن".

ئەو کرێکارە هەروەها وتوویەتی: "ئێمە لە ڕۆژانی پشوو، ناچارین لە شوێنی کارەکەمان ئامادە بین و مانگانە ٧٠ کاتژمێر ئیزافەکاری دەکەین، بەڵام لە مافی یاسایی کار بێبەرین".

ئەو کرێکارانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم بینای شارەداریی ورمێ کۆبوونەتەوە و هەروەها خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی کازمی، یەکێک لە بەرێوەبەرانی شارەداریی ورمێ بوونە.