کڕین و فرۆشی سمۆرە رێگەیەکی نوێ بۆ بازرگانیکردن لەکوردستان

16:05 - 3 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی بەرچاو سمۆرەی دەگمەن کە ویستراوە لەلایەن بازرگانانەوە کاسبی پێوە بکرێت، لە ئۆستانی کوردستان دەستی بەسەردا گیرا.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە چەند رۆژی رابردوودا، ٢١٩ سمۆرەی کوردستانی لە ئوستانی کوردستان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکان دەستی بە سەردا گیراوە و رادەستی ئیدارەی گشتی ژینگە پارێزیی کوردستان کراوە.

ئەو سمۆرانە دواتر لەلایەن پێرسۆنێلی ژینگەپاریزییەوە گەڕێندراونەتەوە باوەشی سروشت.

لەو چەند ساڵەی دواییدا بازرگانی کردن بە جۆرەکانی گیانلەبەرانی وەک زەردە قۆرە(سەمەندەر) و سمۆرەی کوردستانی لەناوچەکانی ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیش رووی لەزیادبوون کردووە و لەو پێوندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەمەبەستی پاراستنی گیانی ئەو گیانلەبەرە لەشوێنە گشتی و گەشتیارییەکانی مەریوان ئاگاداری بڵاو کردووەتەوە.

بەرپرسی ئیدارەی گشتی ژینگەپاریزی کوردستان سەبارەت بە بەردەوامی بازرگانیکردن بە سمۆرە لە کوردستان، بە هەواڵدەریی ئیرنای وتووە: یەکەم جار ١٦٧ سمۆرە لە رێگای نێوان بیجار ـ زەنجان دەستی بەسەردا گیراوە و دواتریش ٥٢ سمۆرەی دیکە لە ئوستانی کوردستان زەوت کراوە و لە ژێر دەستی قاچاخچییەکاندا هێنراوەتە دەر.
چالاکانی ژینگە پاڕێزی، بازرگانیکردن بە سمۆرە بە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی دار بەڕووەکانی زاگرۆس لەقەڵەم دەدەن و لەو باوەڕەدان سمۆرە هۆکاری زاوزێ، بڵاوکردنەوەی تۆوی بەڕوو و سەر لە نوێ گەشانەوەی دار بەڕووەکانی زاگرۆسە.

بازرگانیکردن بە سمۆرەی کوردستان بووەتە هۆی لەناوچوون زنجیرە دارستانەکانی بەڕوو و بە مەبەستی پێشگری لەکارەساتی ژینگەیی و فەوتانی سمۆرە چالاکانی ژینگەپارێز داوای هاوکاری زیاتر لە چین ‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن.

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ژینگەپارێزی کوردستان، نزیک بە ١٤جۆر گیانلەبەر و ئاژەڵی وەک ورچ، پڵینگ، پشیلەی وەحشی و کێوی، سەگی ‌ئاوی، کەڵ، بزن، هەڵۆ، داڵ و... مەترسی لە ناوچوونیان لە سەرە.