کچە چالاکێکی خوێندکاریی کورد بە زیندان و سزای نەختی مەحکووم کرا

18:24 - 5 بانەمەڕ 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کچە چالاکێکی خوێندکاری خەڵکی شاری کرماشان، بە ناوی "غەزەل مەعسووم‌شایی"، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە ١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی و سێ ملیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە.

حوکمی زیندانیی غەزەل مەعسووم‌شایی، بۆ ماوەی چوار ساڵ بە شێوەی هەڵواسراوی دەبێت و بەپێی ئەو حوکمە، ناوبراو ناچارە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، ٥ کەڕەت سەردانی شوێنێک بە ناوی "شوهەدای دادکۆکیکارانی حەرەم" لە گۆڕستانی تاران (بەهەشتی زارا) بکات و ئامادە بێت.

دادگای ئینقلابی شاری تاران ئەو کچە خوێندکارە کوردەی بە تۆمەتی "بڵاو کردنەوەی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕ بەربوونەوەی فڕۆکەی ئوکراینی ل لایەن سپای پاسدارانەوە" مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە سەر ئەو کچە خوێندکارەدا سەپاوە.

غەزەل مەعسووم‌شایی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی پێشکەوتووخوازی زانکۆی "ئەمیرکەبیر"ی تاران بووە.