کچە خوێندکارێکی ئیلامی لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

10:29 - 30 رەزبەر 2720

چەند ڕۆژ پێش هێزە ئەمنییەتییەکان کچە خوێندکارێکی کوردیان بە ناوی "سومەیە کارگر" خەڵکی شاری ئیلام و دانیشتووی شاری تاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هێرش‌کردنە سەر ماڵی ئەو کچە خوێندکارە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەیان کردووە و هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پاش بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان، دادسەرای ئیڤین بەو بنەماڵەیەیان ڕاگەیاندووە کە کچەکەیان بە تۆمەتی "جرائم اینترنتی" دەسبەسەر کراوە.

سومەیە کارگر نەخۆشیی چاوی هەیە و لە کاتی دەسبەسەریدا، لە دەوا و دەرمانەکانی بێبەری کراوە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵدەریی "هێرانا" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە، سومەیە کارگر دەرچووی بەشی فەلەسفەی زانکۆی تەورێز بووە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری، شوێنی ڕاگیران و تەنانەت ناوەندیی دەسبەسەرکردنی ئەو کچە خوێندکارە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.