کچێکی دیکەی کورد لە مەریوان کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

23:17 - 5 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی دیکەی کورد لەناوچەی مەریوان بەهۆیەکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا، رۆژی رابردوو کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەناوی \"فەریدە کامڕەوا\"، کچی \"محەممەد\" و خەڵکی گوندی \"نێ\"ی سەربە شاری مەریوان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەهۆی سووتانی لەڕادەبەدەر گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت فەریدە نزیک بە ٩٠%ی جەستەی تووشی سووتان بووە و بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٨ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە، ٩ حەڵەتی خۆکوژییەکان لە رێگەی خۆهەڵواسین و ١٥ حاڵەتیش لە رێگەی خۆ سووتاندنەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەوونی میدیای ئازاد و هەروەها نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردەواری، زۆربەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد پەردەپۆش دەکرێن و بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.