کوژرانی کاسبکارێکی دیکەی کورد لەسەردەشت

17:33 - 6 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی دیکەی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاسبکارێک بەناوی \"سالار فەخری\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا لە ناوچەی \"نەڵاس\"ی سەردەشت بە دەستی ‌هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کە سالار فەخری رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی گەلاوێژ، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن ‌هێــزە نیزامییەکانەوە لە نێوان گوندەکانی \"میراوێ و مووساڵان\"ی سەربە شاری سەردەشت لە ماشێنەکەیدا دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لێ ئەستێندراوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە رەوانەی شاری مەهاباد کراوە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، تەرمی ناوبراو رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییەک بەناوی \"ئاسۆ مستەفازادە\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی \"رەبەت\"، بەهۆیەکی ناروون لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١١ کاسبکاری کورد لە ئەنجامی تەقەی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەنێوان جاددەکاندا کوژراون و ٢٠ کەسیش بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بەدۆخی ئەمنییەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

\"14229.jpg\"