کوژرانی پەناخوازێکی کوردی ئیلامی لەوڵاتی پاپوئا گینە+وتووێژ

15:49 - 7 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ئیلام، کە ناوەڕاستەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو رووی لە وڵاتی ئوسترالیا کردبوو، لە گرتووخانەی پەنابەرانی وڵاتی \"پاپوئا گینەی نوێ\" کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رەزا بەراتی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی بەخشی \"لۆمار\"ی سەربە شاری ئیلام (بێکارترین ئوستانی ئێران)، لە گرتووخانەی پەنابەران لە دورگەی مانووس لە پاپوئا گینە، لەلایەن مەئموورانی ئەو گرتووخانەیەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کوژراوە، کریسمەسی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە پاپۆرێکدا هاوڕێ لەگەڵ ٦٤ هاووڵاتیی ئێرانی، کە ١٣ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون، دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەی پەنابەران لە دوورگەی مانووسی پاپوئا گینە کرا.

\"18513.jpeg\"
رەزا بەراتی، لە گرتووخانەی پەنابەران لە دورگەی مانووس لە پاپوئا گینە، لەلایەن مەئموورانی ئەو گرتووخانەیەوە گیانی لێ ئەستێندرا
هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئوسترالیا بڵاویان کردەوە، شەوی ٢٨ی رێبەندانی ئەمساڵ لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕینی پەنابەرانی زیندانی کراو بە شێوەی راگیرانیان لە گرتووخانەی مانووس، لەلایەن مەئموورانی ئەو گرتووخانەیەوە هێرشی کرایە سەر و پەنابەرێک بەناوی رەزا بەراتی بەهۆی برینداربوونی سەرییەوە گیانی لەدەست دا.

تۆراب بەراتی باوکی رەزا بەراتی لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ رەزا بە هۆی بێکارییەوە رووی لە وڵاتی ئوسترالیا کردبوو، بەڵام بەداخەوە بەبێ ئەوەی تاوانێکی ئەنجام دابێت، لە زینداندا کوژراوە.

باوکی رەزا بەراتی گوتیشی، داوا لە دەوڵەتی ئوسترالیا دەکەم کە تەرمی کوڕەکەم بۆ بنێرێتەوەو چیدیكە رێگە نەدات پەنابەران کە بۆ کار کردن دێنە ئەو وڵاتە بەو شێوە بێ بەزەییانە بکوژرێن.

رەزا بەراتی بڕوانامەی کاردانی لە رشتەی مێعماریدا بەدەست هێنابوو، کە بە مەبەستی کار کردن رووی لە وڵاتی ئوسترالیا کردبوو.

توراب بەراتی دەشڵێت: ئەگەر لەم وڵاتە کار هەبوایە، کوڕەکەی من بۆ پەیدا کردنی کار نەدەچوو بۆ وڵاتانی دیکە، هەرروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نیونەتەوەییەکان دەکەم، کە بە شێوەی یاسایی بەدواداچوون بۆ کوژرانی کوڕەکەم بکەن.

هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئیلام، مانگی رەزبەری ئەمساڵ لەزاری (عەلیڕەزا زەرگووش) بەرپرسی گشتیی ئیدارەی کار و تەعاونی ئەو ئوستانەوە بڵاویان کردەوە، هەنووکە ٤٣ هەزار هاووڵاتیی کورد لەم ئوستانەدا بێکارن و ئاماری بێکاریش لەم ئوستانە لە ٢٢% زیاترە.

سەبارەت بە کوژرانی ئەو پەنابەرە کوردە، ئیسکات مۆریسۆن، وەزیری مهاجیرەت و پاراستنی سنوورەکانی ئوسترالیا، رێکەوتی ٢ی رەشەمە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ تەرمی ئەو پەناخوازە کوژراوە، دوای پشکنین، لە (پاپوئا گینەی نوێ)وە رەوانەی ئێران دەکرێتەوە.

کوژرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە وڵاتی ئوسترالیا ناڕەزایەتییەکی بەرینی بە دوای خۆیدا هێنا و هەزاران هاووڵاتی ناڕەزایەتییان بە هەڵسووکەوتی نایاسایی دەوڵەتی ئوسترالیا لەمەڕ پەنابەران دەربڕی و بە داگیرساندنی مۆم یادی ئەو پەناخوازە کوردە کوژراوەیان کردەوە.
\"18511.jpg\"

\"18512.jpg\"

\"18509.jpg\"

\"18517.jpg\"

\"18508.jpg\"

\"18507.jpeg\"

\"18510.jpg\"

\"18518.jpg\"

\"18515.jpg\"

\"18514.jpg\"

\"18516.jpg\"