کوژرانی راوچییەک لە پیرانشار

15:44 - 6 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: راوچییەکی پیرانشاری لەکاتی راوکردنداو لەگەڵ ٢ هاورێ خۆی، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە و بەزەبری چەک گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی پیرانشار بڵاوی کردەوە، سەرلە بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ راوچییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار و لەکاتی راوکردن لە چیاکانی دەورووبەری ئەو شارە، لە ئەنجامی کەمتەرخەمیدا بووە قوربانی.

ئەو سەرچاوەیە بڵاوی کردۆتەوە، پلاپیتکەی چەکی یەکێک لەو راوچییانە لە \"لقە دارێک\" گیری کردووە و لە ئەنجامدا بەر کەسێکیان کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت، هەنووکە ئەو ٢ راوچییەی دیکە لەلایەن هێــزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەو راوچییە روون نەبۆتەوە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان جار شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان راوچیان و مەئموورانی ئیدارەی \"شکاربانی\"دا هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا چەندین کەس لە هەر دوولا بوونەتە قوربانی.