کوژران و برینداربوونی ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ

10:35 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر، ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا، کوژران و بریندار بوون.

فەرماندەی سنوورپارێزیی پارێزگای ورمێ لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "کاتژمێر نزیک دووی دوانیوەڕۆ، هێزەکانی هەنگی سنووری، بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار، سێ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری کوژران و دوو کەسیشان لەو شەڕەدا، بریندار بوونه".

یەحیا حوسێن‌خانی ڕایگەیاندووە هێزەکانی هەنگی سنووری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوونه.

ئەو بەرپرسە نیزامییە، شوناسی ئەو سێ ئەندامەی هەنگی سنووری حکوومەتی ئێرانی بە ناوەکانی "موسلیم جیهان‌ئارا" ئوستوار دووهەم، "مالک تاهیری" ئوستوار دووهەم و "کامران کەرامەت" بە پلەی سەرباز ڕاگەیاندووە.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی پارێزگای ورمێ، شوناسی ئەو دوو کەسە برینداربووەکەی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەی ڕانەگەیاندووە.

هەتا ئێستا هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەیان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی ئێران، لە ئەستۆ نەگرتووە.

لەو پێوەندییەدا، دانیشتووانی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن کە، هیچ کام لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران لەو ناوچەیە نیین و ئەگەری هەیە شەڕ و تێکهەڵچوونه لە نێوان خودی هێزەکانی حکوومەتی هاتبێتە ئاراوە.