کوژران و برینداربوونی ٢٣١ کۆڵبەر لە ساڵی ١٣٩٩دا

17:13 - 5 خاکەلێوه 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا لە یەک ڕشتە ڕاپۆرتی جیاکردنەوە ــ ئاماریدا، بەرچاوترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا دەخاتە بەر باس.

ناوەندی ئاماری کوردپا لە ڕاپۆرتی دووهەمی خۆیدا، حاڵەتەکانی کوژرانی کۆڵبەران لە کوردستان لە ماوەی یە ساڵی ڕابردوودا، دەخاتە ڕوو.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و لەوانەیە ئاماری ڕاستەقینە، بەنیسبەت ئەم ڕێژەیە زۆر لەسەرەوەتر بێت.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا لە ساڵی ١٣٩٩دا، سەرجەم ٢٣١ کۆڵبەر لە کوردستان کوژران و بریندار بوونە. (٥٨ کوژراو و ١٧٣ بریندار)

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران: ١٥٨ حاڵەت

تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە: ١٥ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ٢٠ حاڵەت

سەرمابردوویی و مانەوە لەنێو بەفر و بۆراندا: ٧ حاڵەت

لێدان و ئەشکەنجە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران: ٣ حاڵەت

لێدان و ئەشکەنجە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی تورکیە: ١ حاڵەت

کەوتنە نێو ڕووبار: ٢ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ٤ حاڵەت

ناڕوون: ١ حاڵەت

جەڵتەی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا: ١ حاڵەت

کوژران و برینداربوون بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ: ١٩ حاڵەت

ئەو ناوچە سنوورییانە کە زۆرترین کوژرانی کۆڵبەری لێ کەوتووەتەوە:

لە پارێزگای ورمێ، زۆرترین ناوچەی سنووریی کوژرانی کۆڵبەران، لە سنووری ورمێ، چاڵدران و ماکۆ بووە.

لە پارێزگای سنە، ناوچە سنوورییەکانی هەنگەژاڵ و بەرزاییەکانی تەتە، زۆرترین قوربانییانی کۆڵبەریی بەدواوە بووە.

لە پارێزگای کرماشان، سنووری نەوسوود و بەرزاییەکانی هەورامان و تەتە، زۆرترین ڕێژەی قوربانییانی کۆڵبەریی، لێ کەوتووەتەوە.

شیکاریی هەندێک لە حاڵەتەکان:

٣ کۆڵبەر بە ناوەکانی "موبین حوسێنی"، "ئارمین ئەحمەدی" و "مانی هاشمی"، بە ڕیزەوە تەمنیان، ١٦، ١٧ و ١٤ ساڵ بووە.

"سراج ئەحمەدی"، کۆڵبەری کوژراو کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ورمێ کوژرا، سێهەمین کۆڵبەری کوژراو لە بنەماڵەی ئەحمەدی بووە. پێشتر و لە ساڵی ٩٩دا، دوو ئامۆزای ئەو کۆڵبەرە بە ناوەکانی "ئەرسەلان و شەمزین ئەحمەدی"، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران کوژران.

٥ی پووشپەڕی ٩٩، "عەلی برووکی میلان"، خەڵکی چاڵدران بە دەست و پێ بەستراوەیی و لە مەودای نزیکەوە، تەقەی لێ کرا و کوژرا.

٢٠ی گەلاوێژی ٩٩، "ئارمین ئەحمەدی"، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لە کاتێکدا کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانەوە لە سنووری "مڕانە" بریندار ببو، هەر وا بە برینداری بەجێیان هێشتببوو.

١٦ی خەرمانانی ٩٩، "مانی هاشمی"، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی شمشێری پاوە کە بۆ کڕینی مۆبایل چووبوو بۆ کۆڵبەری، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە توندی بریندار ببوو.

٢٣ی خەرمانانی ٩٩، "سەلاحەدین عیسازادە"، کۆڵبەری خەڵکی شنۆ، پاش لێدان و ئەشکەنجەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لەئاکامدا تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەست دا.

"یاسین فکری"، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بانە، لە حاڵێکدا کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی درابووە بەر لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن فەرماندەی پاسگاوە فیلمی لێ هەڵگیرابوو.

"سیاوەش(چاووش) کورە سوننی"، خەڵکی ڕاویانی قوتوور کە لە سنووری خۆی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرابوو، دێهیاری گوندی خۆیان بوو.

"حەسەن دەلایی میلان" لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تیرباران کرا و کوژرا هەروەها "ئایهان خودایی"، گولـلە وەبەر سەری کەوتبوو.

٢٩ی بەفرانباری ٩٩، پێنج کۆڵبەری کورد، خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، بە ناوەکانی "مەتین ئەسڵانی"، کوڕی عوسمان، "یاوەر ئەسڵانی"، کوڕی لوقمان، "بولەن ئەحمەدی"، کوڕی سادق، "مۆلایی خودایی"، کوڕی حاتەم و "فرات خودایی"، کوڕی خورشید"، بەهۆی ڕنووی بەفر لە سنووری ورمێ، گیانیان لەدەست دا و تەرمەکانیان پاش ٨ ڕۆژ هەوڵ و تەقەلای خەڵکی ناوچەکە، دۆزرانەوە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە