کوژران و برینداربوونی دوولاوی کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان

15:44 - 28 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی سەولاواو سەقز لە ئوستانی کوردستان، لە دوو رووداوی جیاواز و لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئنتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کەسێک بەناوی فەرهەنگ و خەڵکی گوندی (تفێن)ی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بە تەقەی چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە سێ‌رێیانی شاری نەهاوەند بریندار کرا.

فەرهەنگ، کە دانیشتووی شاری سنەیە، هەنووکە لە بەخشی (ئای‌سی‌یوو)ی نەخۆشخانەی شاری نەهاوەند لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایەو بارودۆخی تەندروستیی ناجیگیر راگەیاندراوە.

بە گوتەی شایەتحاڵان، هێزە ئینتزامییەکان تەنیا بە گومانی هەلگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لە ماشینی ناوبراو کردووەو لە ئەنجامدا بە توندی برینداریان کردووە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز بەناوی ئەبووبەکر، لە جاددەی سەقز - دیواندەرە، بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

ئەو لاوە کوردە خەڵكی گوندی مەلاسالاری سەربە بەخشی زێویەی شاری سەقز و تەنیا کوری بنەماڵەکەی بووە، کە بەدەستی چەکدارانی هێزی ئینتزامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی جێگیر لە پاسگەی ئێرانشا، کوژراوە.

بە گوتەی ساڵح نیکبەت، بەپێی یاسای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، \"ئەگەر کەسێک ماشێنی پێ بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت و ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە\".

ئەو پارێزەرە کوردەی شارەزا لە یاسا نێونەتەوەییەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە نیزامییەکان ئێران لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکەن و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیری ماشێنەکان دەکەن.