کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و سەردەشت

11:05 - 29 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هیوا قادری"، خەڵکی سەردەشت، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە بەرزاییەکانی سنووری بانە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.

ئەو کۆڵبەرە، لە بەرزاییەکانی سنووری "سارداو"، تووشی ئەو ڕووداوە بووە و تەرمی ناوبراو لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە بۆ بانە ڕاگوێزراوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی حاجی "مینە عالی"، خەڵکی گوندی "دۆڵەتوو" سەر بە سەردەشت، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارەوە، بە توندی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوەدا دەست و لاقی بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری "قەڵادزێ" لە هەرێمی کوردستان کراوە.

وێنە: هیوا قادری