کوردیش بووە زمانی کونفڕانسە جیهانییەکان

15:15 - 8 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: زمانەوانێکی کورد توانی کوردیش وەک زمانە زیندووەکانی جیهان بکاتە ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی وەرگێڕەکان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەمەو بەدواوە بەشدارانی کونفڕانس و سیمینارە جیهانییەکان(سیاسی، ئابووری، سەربازی، ڕۆشنبیری، هونەری، وەرزشی و هتد..) دەتوانن بە زمانی کوردی گوێبیستی کۆبوونەوەکان بن.

ئەو هەوڵە لەلایەن کوردێکی باشووری کوردستان بەناوی \"ئاریان تاوەگۆزی\" لە دانیشتنی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی وەرگێڕەکان هاتووەتە ئاراوە.

\"\"
ئاریان تاوەگۆزی
ناوبراو کە خاوەن بڕوانامەی زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسییە ڕادەگەیەنێ کە ئەندامەتی زمانی کوردی لەو ڕێکخراوە جیهانییەدا بەو واتایەیە کە ئیتر زمانی کوردی بەشێک نابێ لە زمانەکانی ناوچەکە بەڵکوو سەربەخۆیە و شوناسی تایبەت بە خۆی دەبێت.

ئاریان کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بریتانیا دەژی لە فەیسبووکی خۆیدا ڕوونی دەکاتەوە ئەگەر لە هەر کونفڕانسێکی جیهانی پێویست بە وەرگێڕ هەبوو ئەوا دەتوانرێ داوای زمانی کوردی(کرمانجی ناوەڕاست) لە بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکە بکرێت.

تۆمار کردنی زمانی کوردی لە ئاستێکی ئاوادا لەکاتێکدایە کە ئەو ئەنجومەنە لە ١٩٥٣وە کە دامەزراوە زیاتر لە ٦٠هەزار وەرگێڕ تێیدا ئەندامن.

ناوەندی سەرەکی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە لە شاری \"ژێنێف\"ـی سوئیسە.