کوردستان/١١ ژن و کچ لە ساڵی ٩٢ بە هۆی تەقینەوەی مین، خومپارە و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینزامییەکان بوونە قوربانی

22:09 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ١١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و یان تەقینەوەی مین و خومپارەی بەجێماوی کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، کوژراون یان بریندار بوون. لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٦ کەسی دیکەشیان بریندار و تووشی کەمئەندامی بوونە.

خشتەی خوارەوە چۆنێتی کوژران یان برینداربوونی ژنان و کچانی کورد لە ساڵی ٩٢دا دەخاتەڕوو
\"19010.jpg\"

مین بکوژی شاراوە

سەرەڕای بەڵێنییەکانی بەرپرسانی حکوومەت لەمەڕ خاوێنکردنەوەی ناوچە مینڕێژ کراوەکانی کوردستان و تەنانەت بەڕێوەبردنی جێژنی خاوێن بوونەوە لە هێندێک لەو ناوچانە، مینەکان بەردەوام لە کوردستاندا هاووڵاتیاین دەکەن قوربانی و ژنانی کوردیش بەشێک لەو قوربانیانە پێک دێنن.

سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ ژنێک بەناوی \"حەسیبە ساعد\" خەڵکی شاری سەقز، لە چیای \"خۆرەتاوە گەورە\"ی نزیک گوندی \"مەڵقەرەنی\"ی ئەو شارە، بەهۆی تەقینەوەی مین، لاقی راستەی پەڕی.

لە دوایین رۆژەکانی وەرزی بەهار و تەنیا چەند رۆژ پێش لە دەستپێکی هاوین، دوو خوشک بەناوەکانی \"غەزاڵ\" تەمەن ٢٠ ساڵ و لەیلا تەمەن ١٣ ساڵ، لەکاتی چوون بۆ کوێستانەکانی ناوچەی \"قوچی\"ی ورمێ بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین و گیانیان لەدەست دا.

ئەم بکوژە شاراوەیە لە دوایین رۆژەکانی مانگی رەزبەری سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا، حەوت کەسی کردە قوربانی کە سێ کەسیان کچ بوون.

رۆژی ٢٦ی رەزبەر بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوە لە نزیک پایگایەکی چۆڵکراو لە نزیک گوندی \"نشکاش\"ی مەریوان لە ئوستانی کوردستان ٣ کچ بە ناوەکانی گەشین کەریمی، بێهنووش موقەدەم و ئاڵا روبینا بریندار بوون.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، نزیک بە ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هیکتار لە رووبەری ٥ پارێزگاکانی ئازەربایجانی‌رۆژئاوا، سنە، کرماشان، ئیلام و خوزستان کە ١١٠٠ کیلۆمێتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتی عێراق‌دا هەیە مینرێژکراوە و ماددەی تەقینەوەی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئەو دوو وڵاتەی تێدا بەجێ ماوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٣٨ هاوڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی مینەوە بوونەتە قوربانی کە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

بە پشت بەستن بەو ئەو ئامارە ٦ کەس، واتە نزیک بە ١٦%ی قوربانیانی مین لە کوردستاندا، ژنان پێکی دێنن.

هەروەها بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە ساڵی ٩٢ دا بەگشتی ٩٠ هاوڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئەنجامی راودوونانی هێزە نیزامییەکان و تەقەی ئەو هێزانە کوژراو یان برینداربوون کە ٣ کەسیان ژن بوون.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"سالار عەبدوڵڵاهی\" کوڕی \"محەممەد\" بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هیز ەنیزامییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

خوشکی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی سەردەشت بوو لەو رووداوەدا بەتوندی برینداربوو، کە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

لە رۆژانی کۆتایی ئەو مانگەشدا (٣٠ی گەلاوێژ)، ٢هاووڵاتیی کورد لە جاددەی نزیک گوندی \"کەوپێچ\"ی شاری بانە، بەهۆی راوەدوونانی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە گیانیان لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ شوێن ماشێنی هاووڵاتییاک بەناوی \"حامید گەورەداری\" کەوتوون و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئەو ماشێنەدا کچێکی ناوبراو و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"سمایل\" گیانیان لەدەست دابوو.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی \"ئەوین عوسمانی\" خەڵکی شاری بانە، کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابوویە بەر دەستڕێژی گولـلە گیانی لەدەست دا.

ئەڤین عوسمانی لەلایەن کەسێکەوە بەناوی \"ک. ر\" تەقەی لێکرا، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لە دەستدانی.

گولـلە خومپارەی لە مانگی یەکەم و مانگ کۆتایی ساڵی ٩٢دا لە شارەکانی مێهران و سەرپێڵی زەهاو دوو قوربانیی لێکەوتەوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕدا، ژن و مێردێکی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی چاشنی خومپارەی نێو ئاسنەواڵە، گیانیان لەدەست دا.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی دووشەممە ١٠ی رەشەممە، تەقینەوەی گوللـە تۆپ لە نێو خانووبەرەی بنەماڵەیەکی کوردی مەنتەقەی ٥ی شاری مێهران لە ئوستانی ئیلام، ٣ قوربانیی لێکەوتەوە.

لەو رووداوەدا کەسێک بە ناوی هادی پوزش دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و باوک و ژنی ناوبراو بە توندی بریندار بوون.