کورتە فیلمی "هیوا" ئامادەی پیشاندان کرا

17:36 - 10 سەرماوەز 2720

کورتە فیلمی "هیوا" لە دەرهێنەریی "موژگان کاووسی"، نووسەر و لێکۆڵەری کورد، لە زیندانی "ئێڤین" ئامادەی ئیکران کراوە.

پێشتر، موڵەتی بڵاوکردنەوەی ئەو کورتە فیلمە درابوو، بەڵام پەروانەی پیشاندانەکەی هەتا ئێستا نەدراوە.

کورتە فیلمی "هیوا" یەکەمین ئەزموونی فیلمسازیی "موژگان کاووسیـ"ـیە. "هیوا" بە زاراوەی کوردیی ناوچەی کەلاردەشت بەرهەم هێنراوە و لە کورتکراوەی چیرۆکی ئەو فیلمەدا، هاتووە: "دێکیومێنتاری کورتە چیرۆکی "هیوا" لەمەڕ ئەگەری لەنێوچوونی زمانی کوردی لە نێو  ئەو کوردانەیە کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، بۆ ناوچەی کەلاردەشت لە پارێزگای مازەندەران ڕاگوێزراون".

هۆکاری دروستکردنی ئەو فیلمە، وەبیرهێنەرەوەی مەترسیی لەنێوچوون و فەرهەنگ‌سازی بۆ پێشگرتن لە هەڕەشەی زمانی_شوناسییە.

"موژگان کاووسی"، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، لە زیندانی "ئێڤین" بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ئەو نووسەرە کەلاردەشتییە، پاش یەک مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نۆشەهر، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییە کەیفەرییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.