کورتە فیلمی \"رەش و سپی\" خەڵاتی فستیڤاڵی فرێسکۆی ئەرمەنستانی پێ بەخشرا

14:51 - 23 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: \"رەش و سپی\" لە بەرهەمی سینەماکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی یەکەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"فرێسکۆ\"ی وڵاتی ئەرمەنستانی بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کورتە فیلمی چیرۆکی رەش و سپی، لە دەرهێنانی جەلال ساعید پەنا، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە فستیڤاڵی \"فرێسکۆ\"ی ئەرمەنستاندا بەشداریی کرد و خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فستیڤاڵەکەی لەژێر ناوی \"ئۆقرە و خۆڕاگری\"ی پێ بەخشرا.

\"21005.jpg\"
جەلال ساعید پەنا، ده‌رهێنه‌ری کورتە فیلمی چیرۆکی رەش و سپی
کورتە فیلمی رەش و سپی لە رکابەری لەگەڵ ٢٠ فیلمی وڵاتانی وەک فەڕانسە، ئەمریکا، رووسیا، ئاڵمان، ئیتالیا، ئەرمەنستان و ئەندونوزیدا توانیویەتی ئەو خەڵاتە مسۆگەر بکات.

بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی کورتە فیلمی رەش و سپی؛ لێژنەی داوەران سەبارەت بەو فیلمە رایانگەیاندووە کە ئۆقرە، شێنەیی و ئەشق، لەم فیلمەدا لەو پەڕی خۆیدایە و کۆتاییەکی شیرین و شاد لە نێوان رەش و سپیی ئەم فیلمەدا بەدی دەکرێت.

خەڵاتەكانی ئەم فستیڤاڵە لە حەوت بەشی باشترین فیلمدا لەژێر ناوی (باشترین پەیامی \"عەشق\")، (باشترین پەیامی \"ئاشتی\")، (باشترین پەیامی \"ئازایەتیی\")، (باشترین پەیامی \"وتووێژ\")، (باشترین پەیامی \" ئۆقرە\")، (باشترین پەیامی \"مرۆڤایەتیی\") و (باشترین پەیامی \"پێداویستیی زیان لێكەوتووەكان\") بە دەرهێنەرە سەركەوتووەكان بەخشراوە.

کورتە فیلمی رەش و سپی لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فستیڤاڵی دهۆکدا لە شاری دهۆک، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەو فستیڤاڵەی بەدەست هێنا.
\"21007.jpg\"