کرێکارێکی ئیلامی بە هۆی ڕووخانی بینایەک گیانی لە دەست دا

21:46 - 17 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کەمتەرخەمی و نایاسای بوونی بینایەک، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری ئیلام، کرێکارێکی خەڵکی ئەو شارە بوو بە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارێکی خەڵکی شاری ئیلام لە کاتی کارکردن لە بینایەکدا لە یەکێک لە شەقامە سەرکییەکانی ئەو شارە بە هۆی ڕووخانی بینایەک گیانی لە دەست دا.

هەواڵدەریی \"ئیرنا\" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بڵاوی کردەوە، ڕووخاندندی نایاسایی بینایەکی نیشتەجێبوون لە شەقامی تەختی، بوو به هۆی ئەوە کرێکاڕیک گیانی لە دەست بدا.

هەر چەند ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو کرێکارە ئیلامییە بڵاو نەکردووتەوە، بەڵام نووسیوویەتی ئەو کرێکارە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، خاوەنی ئەو بینایە بۆ پەرەپێدان و گۆڕینی فەزای ناوەوەی ئەو بینایە بۆ یەکەی بازرگانی ئەو بینایەی ڕووخاندووه.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، کرێکارێکی کورد، خەڵکی گوندی پایگەلان سەر بە ناوچەی سەوڵاوا لە کاتی کارکردن تووشی ڕووداوی کار بوو.

چالاکانی کرێکاری هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بۆ نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار و هەروەها کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران دەگەڕێننەوە.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە \"مەسعوود شێر محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ ڕاگەیەنراوە.