کرێکارێکی کوردی خەڵکی سنە لەهەولێر گیانی لەدەستدا

15:17 - 5 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی رووی لەهەرێمی کوردستان کردبوو بە هۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارێکی کورد بە ناوی بە ناوی \"پەیام لوتفی\" لە هەرێمی کوردستان بە هۆی رووداوەی کارەوە بریندار بووە و دوای چەند رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەی \"جمهووری\" شاری هەولێر گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کرێکارە کوردە تەمەنی ٢٤ساڵ و سێ‌شەممەی رابردوو لە کاتی کارکردندا بەر تەزووی کارەبا کەوتبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پەیام پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت بەڵام بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە.

پەیام لوتفی خێزاندار و منداڵێکی هەبوو و ماوەی چەند مانگ دەبوو لەهەرێمی کوردستان سەرقاڵی کارکردن بوو.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بە هۆی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی خەڵکی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە مەبەستی کارکردن روویان کردووەتە هەرێمی کوردستان و ماوە بە ماوە شایەتی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ئەو کرێکارانەین.