کرێکارێکی کورد لە کاتی کار کردندا دەستێکی قرتا

14:01 - 21 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری بانە لە کاتی خاوێن کردنەوەی دەزگای کارگەی \"بەرهەمهێنانەوە\" (بازیافت) بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، کرێکارێکی کورد لە کاتی خاوێنکردنەوەی یەکێک لە دەزگاکانی کارگەی\"بەرهەمهێنانەوە\" دەستی کەوتە بە دەزگاکە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"سۆران قادری\" تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

ماڵپەڕی هاژە لە زاری ئەندازیارێکی ئەو کارگەیەوە بڵاوی کردەوە: \"ئەو کرێکارە کوردە لەو ڕووداوەدا، بە هۆی سەختی برینەکەی بەشێک لە دەستی قرتاوە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارە کوردە نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەژێر جاوەدێریی پزیشکیدایە.

حەوتووی ڕابردوو، هەواڵدەریی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٦ هاووڵاتیی کورد بوونەتەوە قوربانیی ڕووداوی کار و گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ڕاپورتە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو ماوەیەدا ٣٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ڕێژەیە ٢٩٦ کەسیان پیاو و ٤ کەسیشیان ژن بوون.