کرێکارێکی کورد بەهۆی کارەباگرتوویەوە گیانی لەدەست دا

10:25 - 23 بەفرانبار 2720

 ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، کرێکارێکی کورد بە ناوی "ئەبووبەکر یەعقووبی" خەڵکی گوندی "بێسارانـ"ـی شاری مەریوان، بەهۆی کارەباگرتوویی، گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کارگەی "ئیستەکـ"ـی مەریوان، لە کاتی کارکردن تووشی کارەباگرتوویی بووە.

ئەبووبەکر یەعقووبی، پاش ئەو ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کرابوو، بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، دواتر گیانی لەدەست دەدات.

ئەو کرێکارە کوردە، خاوەنی ژن و منداڵ بووە و جەنازەکەی لە گوندی "بێساران" ئەسپەردەی خاک کرا.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، دوو کرێکاری "قوروە"یی لە شاری قەزوێن بەهۆی کەوتنەناو قازانگی ڕۆن لە یەکەی بەرهەمهێنانی "پێترۆئاسامـ"ـی ئەو شارە گیانیان لەدەست دا.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو کرێکارە "قوروە"ییه بۆ ئاژانسی کوردپا، ڕوون نەبووەتەوە.