کرێکارێکی دیکەش لە کاتی کاردا گیانی لەدەست دا

14:54 - 19 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی بیناسازی لە کاتی کاردا بەهۆی ڕووخانی کۆمەڵێک بلووک کە کێشەکەی دوو تۆن بووە، گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی خەڵکی شاری \"پۆلدۆختەر\" سەر بە پارێزگای لۆرستان، بەناوی \"یوسف تەقی پوور\" لە پرۆژیەکی درووستکردنی پرسگەی پۆمپاژی ئاو لە باشووری شاری پۆلدۆختەر لە کاتی کار کردن بە هۆی ڕووخانی کۆمەڵێک بلووک تووشی کارەساتێکی دڵتەزێن بوو و گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵەکان؛ \"ئەم کرێکارە لە کۆمپانیای پەیمانکاری \"ئابرۆن پایدار\" کاری کردووە و بە هۆی ڕووخانی بلووک لە کاتی کاردا تووشی کارەسات دەبێت و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە\".

لە ساڵی ڕابردوو تاکوو ئێستا چەندین حاڵەت لەم چەشنە بۆ کرێکاران پێش هاتووە و بەشی سەرەنج ڕاکێشی ئەم بابەتە ئەوەیە کە کرێکاران مافی بیمەی کار و دەرمانیان نییە و لەکاتی تووش بوونیان بەم جۆرە ڕووداوانە هیچ پاڵپشتیەکی ماڵی و گیانیان نییە.

لە حەوتووی ڕابردووشدا سێ کرێکاری کورد لە کاتی کار کردندا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و بەرکەوتنی تەزووی کارەبا، تووشی ڕووداوی کار بوون.

هەروەها بەپێی هەواڵەکان، کرێکارانی بەشی درووستکردنی بینا زۆرترین ڕێژەی ڕووداوی کاریان لە ئێران بەردەکەوێت.

لە نوێترین ئامارە تۆمارکراوەکان لە ساڵی ٩٥دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٤ی هەتاوی ڕووداوی کار لە سەدا ٣٠ ڕووی لە بەرز بوونەوە کردووە.