کرێکارانی ئەندامی سەندیکا پیشەییەکانی شاری سنە مانیان گرت

00:00 - 25 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی \"سەندیکا پیشەییەکانی خانووبەرە\"ی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکرانی بەڵێنییەکانی دەزگای قەزایی ئەو شارە دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی رێبەندان ٧٠ کەس لە ئەندامانی سەندیکا پیشەییەکانی شاری سنە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکرانی بەڵێنییەکانی دەزگای قەزایی و دەسبڕینی هاووڵاتییان لەلایەن \"سەید مەهدی تەخت فیرۆزە\" بەرپرسی پێشووی ئەو تەعاونییە و شۆرای ئێستای شاری سنە، لەبەر دەرکەی دادگوستەریی ئەو شارە کۆبوونەوە و دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەو سەندیكایە، رێژەیەکی بەر چاو لە هێزەکانی گاردی تایبەت بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیی کرێکاران، لەو شوێنە جێگیر کران، کە لەگەڵ بەربەرەکانێی ناڕازییان بەرەوڕوو بوونەوە.

نزیک بە ١٥ ساڵ پێش ئێستا ٦٥٧ کەس لە تەعمیرکارانی ماشێنی سەر بەو سەندیکایە، هەر یەکە بڕی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیان بابەتی کڕینی پارچە زەوییەک بەو \"سەید مەهدی تەخت فیرۆزە\" دابوو، بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لەو کەسانە زەوییان پێنەدراوە.

پێشتر لە رێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ئەمساڵ لەبەر دەرکەی \"ئوستانداری\"ی شاری سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو کە لەلایەن ئۆستاندارییەوە بەڵێنیی پێراگەیشتن و بەدواداچوونیان پێدرابوو، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵێنیە نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەو کرێکارانە هاوینی ئەمساڵ لە نامەیەکدا بۆ \"سادق لاریجانی\" بەرپرسی گشتیی دەزگایی قەزایی ئێران، خوازیاری پێڕاگەیشتن بەو پەروەندەیە بوون کە هەتا ئێستا وەڵامی شیاویان پێ نەدراوەتەوە.