کرێکارانی بەنداوی شنۆ و کرێکارانی شارەداریی ئیلام سەرجەم ٧ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

11:58 - 24 سەرماوەز 2720

کرێکارانی بەنداوی "چەپەراوێـ"ـی شاری شنۆ، ماوەی ٤ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و خاوەنکاری ئەو بەنداوە هەڕەشەی دەرکردنیانی لێ کردووە.

یەکێک لە کرێکارانی ئەو بەنداوە وتی: "پاش دواکەوتنی مووچەی ٤ مانگی کرێکاران، خاوەنکاری بەنداوی چەپەراوێ هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردووین و ئێمەش بەهۆی ئەوەیکە  بێکار نەبین، بە ناچاری درێژە بە کارکردن لەو بەنداوە دەدەین".

زیادیشی کرد: "سەرەڕای دواکەوتنی پارەکەمان، ئێمە بیمە نەکراوین و بەشێک لە کرێکارانی ئەو بەنداوە بە شێوەی گرێبەستی کار دەکەن".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی سەرماوەز، کرێکارانی شارەداریی شاری ئیلام بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٣ مانگیان لەلایەن شارەدارییەوە، لە بەردەم بینای دادگوستەریی ئەو شارە کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لەوبارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە حیسابە ماڵییەکانی شارەدایی ئیلام، بەهۆی سکاڵاکەری تایبەت (شاکی خصوصی) داخراوە و پارەی ئەو کرێکارانە نەدراوە.