کرماشان/ پێنج هێکتار لە دارستانەکانی عوسمانوەند سووتان

16:17 - 2 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دارستانەکانی ناوچەی عوسمانوەند هەڵکەوتوو لە باشووری کرماشان، بۆ دووهەمین جار ئاگریان گرت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کورردپا، لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەی عوسمانوەند هەڵکەوتوو لە باشووری کرماشان لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی بانەمەڕ، ئاگریان تێبەربوو و زیاتر لە پێنج هێکتار دارستانی ئەو ناوچەیە لە ناو چوون.

شاخاویی بوونی ناوچەکە و کەمیی هێزی مرۆیی و نەبوونی بنکە و کەرەستەی ئاگر کوژێنەوە، لە هۆکارەکانی دواکەوتنی کوژاندنەوە و کۆنترۆل‌کردنی ئەو ئاگرە راگەیەنراوە.

هۆکاری ئەو ئاگرگرتنەوە هەتا ئێستا ناڕوونە، بەڵام دەوترێ ئەو ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست رووی داوە.

هەروەها ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت هیچ هەوڵێکیان لەمەڕ کوژاندنەوە و کونتروڵ کردنی ئەو ئاگرە نەداوە.

هاوڵاتییانی کورد لەو بڕوایە دان؛ زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچە کوردنشینەکان، لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی سەربە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەت ئەنجام دەدرێ.

لە سەرەتایی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، دارستانەکانی ناوچەی عوسمانوەند دوو جار ئاگریان تێبەر دراوە کە بە گشتی زیاتر لە ٧ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سووتاون. ئەمە لە کاتێک دایە که وەرزی گەرما و وشک بوونی پووش و پەڵاشی ناوچەکە، مەترسیی پەرەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکانی زیاتر کردووە.