کرماشان/ وشکبوونی داربەڕووەکان دە قات زیادی کردووە

20:50 - 27 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ئامارێکی هەژێنەر لەمەڕ ڕێژەی وشکبوونی لێڕەوارەکانی بەڕووی پارێزگای کرماشان بڵاو بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئامارە نوێیەکانی ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان، دەری دەخات کە ٥ هەتا ٤٠ لە ڕووبەری ٥٢٧ هەزار هیکتاریی لێڕەوارەکانی ئەو پارێزگایە کەم بووەتەوە و ڕووی لە وشکبوون ناوە.

ئەو ڕێژەیە، ڕووبەرێکی ١٥٠ هەزار هێکتاری لە لێڕەوارەکانی بەڕوو لە خۆ دەگرێت.

ماڵپەڕی ئیسنا، لەو پەیوەندییەدا و بە پشتبەستن بە وتەکانی بەرپرسی گشتیی ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە، لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ڕێژەی وشکبوونی لێڕەوارەکانی بەڕوو، لە ١٥ هێکتارەوە بۆ ١٥٠ هێکتار بەرز بووەتەوە. ئەو ڕێژەیە بەرزبوونەوەی ١٠ بەرابەری وشکبوونی لێڕەوارەکانی بەڕووی ئەو بەشە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەخاتە ڕوو.

لە بواری پێشگیری و بەرەنگاربوونەوەی وشکبوونی لێڕەوارەکان، موراد شێخ وەیسی باسی لە نەبوونی بوودجەی پێویست لە سالی ڕابردوودا کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە و ڕایگەیاندووە کە تەنیا ٣٠%ی ئەو بوودجەیە کە بە بڕی ٢ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن تەرخان کرابوو، ڕادەستی ئەوان کراوە.

موراد شێخ وەیسی، سێ نەخۆشیی \"مێمڵی سیسرکی چێوخۆر\"، \"بن ویشکەی کارگی\" و \"مێمڵی لۆرانتوس\"ی بە هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی دار بەڕووەکانی ئەو ناوچەیە لەقەڵەم دا.

ناوبراو وشکەساڵیی بەردەوام و نەبوونی سرچاوەی ئاو، دیاردەی خۆڵبارین ، چوونەسەرەوەی پلەی گەرما و ... هتدی، وەکوو هۆکارەکانی دیکەی وشکبوونی لێڕەوارەکانی بەڕوو زانیوە.