کرماشان؛ خەیروڵڵا حەق‌جوویان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:34 - 17 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕ، خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە یارسانییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چالاکانی مەدەنیی یارسان، لەگەڵ حەق‌جوویان چوونەتە شاری سەحنە و ناوبراو لە ڕێوڕەسمێکدا کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە. 

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، خەیروڵڵا حەق‌جوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

ناوبراو لەلایەن دادستانیی شاری سەحنەی کرماشان بانگهێشت کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و پیرۆزییەکانی حکوومەتی ئێران" و قەبووڵنەکردنی خەیروڵڵا حەق‌جوویان لەمەڕ بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادیی کاتی و هەروەها ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

ئەو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیدا، دەستی دابووە مانگرتن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، داریووش حەیدەری، شارۆخ سائێمیان، پەیام ڕەزایی و نۆشاد تاهیری لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ پشتیوانیکردن لە خەیروڵڵا حەق‌جوویان دەستیان دابووە مانگرتن و ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.