کتێبە کوردییەکان لە کرماشان ویزای کتێبخانەکانیان پێ نادرێت

11:14 - 4 سەرماوەز 2720

سەرەڕای نووسین، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کورد لە شاری کرماشان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەتا ئێستا ئەو کتێبە کوردییانەی چاپ و بڵاو کراونەتەوە ویزای چوونە ویترینی کتێبخانە گشتییەکان و زانکۆکانی ئەو شارەیان، پێنەدراوە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو، بزووتنەوە و لایەنی  فەرهەنگی_ئەدەبیی کوردی لە کرماشان دەستی پێکردووه و ئەو بزووتنەوەیە لە هەوڵی پەرەپێدانی زمان، فەرهەنگ و کلتووری کوردی دایە؛ بەڵام هەتا ئێستا ئیزنی ئەو کتێبە کوردییانەی کە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراونەتەوە، لە شوێنە تایبەتییەکان نەدراوە.

جەلیل ئاهەنگەر نژاد لەو بارەیەوە لە سەروتاری دەنگی ئازادیدا نووسیەتی: "زیاتر لە ١٠٠ کتێب بە زمانی کورد لەو شارە چاپ کراوە، بڵام بە هۆکاری دیار و شاراوە، ئیزنی دانانی ئەو کتێبە ئەدەبییانە لە زانکۆی ڕازی و کتێبخانە گشتییەکان نەدراوە و وا دێتە پێش چاو کە ئەو کتێبە ئەدەبییانە لە سەرزوێنیكی دیکەوە هاتبێتە ئەم شارە".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "کەم نییەن ئەو کەسانەی کە تەمەنی خۆیان لە ڕێگای دیوانەکانی ئەسیرەدین ئەخسیکتی و بوخارایی تێپەڕاندووە، کە چی لە ڕووباری خرۆشای ئەدەبیاتی کوردی لە کرماشان بیئاگان، یان خۆیان لە گێل دەکەن، من بە دڵنیاییەوە دەڵێم: ئەم ڕۆژانە؛ هەتاوی ئەدەبیاتی کوردی لە کرماشان لە کاتی تێشکداندایە و دەتوانێ زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، پرشنگ بهاوێژێ و پێگەی مێژووی خۆی لە زمانی کوردی قایمتر بکاتەوە".

هەرچەند ئەو چالاکە فەرهەنگییە، ئاماژەی بە هیچ ناوەندێکی حکوومەتی نەکردووە کە ئیزنیان نەداوە کتێبە چاپ کراوەکانی کوردی لە کتێبخانە تایبەتییەکان و زانکۆکان بڵاو بکرێنەوە، بەڵام ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی دەستێکی باڵایان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندە فەرهەنگی و ئاکادیمییەکان.