٧کتێبی کوردی نووسەر و شاعێرێکی مەهابادی ڕوونوێنی کرا

15:42 - 29 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بەبەشداری کۆمەڵیک لە شاعێران، نووسران و ئۆگرانی ئەدەبی کوردی، پەردە لە سەر ٧ کتێبی یەکێک لە شاعێرەکانی شاری مەهاباد هەڵدرایەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، ٧ بەرهەمی شاعێر و نووسەرێکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی\" عەبدوڵڕەحیم ئاسیابان\" ناسراو بە\"غەریبان\" کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

ئەو حەوت بەرهەمەی نووسەرە کوردە کە بە زمانی کوردی نووسراوە بریتین لە:\" خولخوله و ماخۆلان، افسانه هولیارشای کورد، راز و نیازی کوردی، دیوان غریبان، هۆپ، کورته باسێکی بلیمه‌تی جیهانی، دەروازەی شاری نووسین.

لەو ڕێوەرەسمەدا، ژمارەیەک لە نووسەران و ئەدیبانی شاری مەهاباد وەک\"کەریم سۆفی مەولوودی\"ناسراو بە\"تینوی مەهابادی\" شاعێر و نووسەری ئەو شارە و هەروەها لێکۆڵەڕ و مێژوو ناسی کورد\"مەحموود پێدارم\" سەبارەت بە بەرهەمەکانی ئەو شاعێر و نووسەرە کوردە چەند وتەیەکیان پێشکەش بە بەشدارانی ئەو ڕێوەرەسمە کرد.

لەو ڕێوەڕسمەدا، عەبدوڵڕەحیم ئاسیابان بە خوێندنەوی دوو کۆپلە شێعری خۆی، لەگەڵ ژەنینی ئامێری ویۆڵۆن بە هاوکاری خالید نادرپوور پێشکەش بەبەشداران کرد.

ئەو شاعێرە کوردە هەتا ئێستا خاوەنی ١٠ بەرهەمە و ١٢ بەرهەمی دیکەی ئەو نووسەرە کوردە ئامادەی چاپ و بڵاکردنەوەیە.

عەبدوڵڕەحیم ئاسیابان ناسراو بە \"غەریبان\" لە ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە گوندی\"کلیجە\"ی شاری مەهاباد لە دایکبووە و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە.